توێژەرە کۆمەڵایەتییەکان کاریان بووەتە بەڕێکردنی کاری ئیداری

سەباری ئەوەی قوتابی ئێستا زیاتر پێویستی بە توێژەری کۆمەڵایەتی هەیە، بەڵام توێژەرە کۆمەڵایەتییەکان ئەرکیان بووەتە بەڕێکردنی کارە کارگێڕییەکانی قوتابخانەنەکان. شنیار بایز

سەرباری ئەوەی قوتابی ئێستا زیاتر پێویستی بە توێژەری کۆمەڵایەتی هەیە، بەڵام توێژەرە کۆمەڵایەتییەکان ئەرکیان بووەتە بەڕێکردنی کارە کارگێڕییەکانی قوتابخانەنەکان.

شنیار بایز

 

سلێمانی- سیستمی پەروەردە و خوێندن لە هەرێمی کوردستان وەک ئەوەی ئێستا دەبیندرێت و چاودێران خوێندنەوەیان بۆی هەیە، زیاتر لە گرنگیدان بە پەروەردە کردنی تاک، تەنها بەخشەری زانیارییە.

لە قوتابخانەکاندا بەپێی ڕێنماییەکان دەبێت تویژەری کۆمەڵایەتی هەبێت، کە ئەرکی باشترکردنی لایەنی کۆمەڵایەتی قوتابی و مامەڵەکردنی لەگەڵ کۆمەڵگا لە ئەستۆی مامۆستایانی توێژەری کۆمەڵایەتین، بەڵام لەناو قوتابخانە هەرێمی کوردستان هیچ بەشە وانەیەک دابین نەکراوە بۆ مامۆستایانی توێژەری کۆمەڵایەتی، بگرە لە زۆر قوتابخانە کارە ئیدارە و کارگێڕیان پێدەکرێت.

 

هاوناز ئاسۆ، توێژەری کۆمەڵایەتی لە یەکێک لە قوتابخانەکانی شاری سلێمانی ماوەی ١٣ ساڵە توێژەرە، دەربارەی کار و چالاکی توێژەرەکان لەناو خوێندنگەکاندا ئاشکرای دەکات،  کاری توێژەر کەتووەتەوە سەر چۆنیەتی دروستکردنی متمانە لەنێوان قوتابی و خێزانەکانیان.

باس لەوەش دەکات، لە ساڵانی ڕابردوو ئەرکی توێژەرەکان زۆر قورستربوو، چونکە کۆمەڵگا بە گشتی و قوتابی، دایک و باوکان بە تایبەت ئاشنا نەبوو بە توێژەر، بەڵام ئەو بیرکردنەوەیە ئێستا نەماوە، کاری توێژەر و تێکەڵبوونی لەگەڵ قوتابی کەوتووەتەوە سەر کەسایەتی توێژەرەکە، تا چەند دەتوانێت پەیوەندی دروستبکات.

 

"توێژەرەکان خاوەنی هیچ بەشە وانەیەک نین"

لە کاتێکدا بوونی وانەیەک بۆ تێگەیشتن و دروستکردنی پەیوەندی لەنێوان توێژەر و قوتابیدا کارێکی پێویستی و گرنگە، بەڵام وەک ئەو توێژە باسی دەکات هیچ وانەیەک تایبەت بە توێژەر نییە.

مامۆستا هاوناز ئاماژە بەوە دەکات، هیچ کام لە قوتابخانەکان بەشە وانەیان بۆ توێژەر دانەناوە، تا توێژەر بتوانێت پەیوەندی لەگەڵ قوتابیدا دروستبکات و کێشەکانی بۆ چارەسەر بکات، بەڵکو بەشە وانەکان دراون بە وانەکانی دیکە، گرنگی بە ڕۆڵ و پێگەی توێژەر نەدراوە.

 

وەک ڕەخنەیەکیش بۆ نەبوونی بەشە وانەی تایبەت دەڵێت "لە سەرەتای دەستپێکردنی خوێندن، ئەگەر هەوڵی ناسینی قوتابییەکان نەدەین دواتر هیچ کاتێکمان نییە تا بیانناسین، لە کاتێکدا پێویستە بە هەموو قوتابییەکان ئاشنا بین و هاوڕێیەتی دروست بکەین".

 

قوتابی ئامادەییەکان زیاتر پێویستیان بە توێژەر هەیە

دەربارەی کاتی دەوامکردن هاوناز ئاسۆ دەڵێت "لە بنەڕەتەوە کاتی دەوامکردن هەڵەیە و هیچ جێگەیەک بۆ توێژەرەکان دابین نەکراوە، چونکە کاتێکی زۆر کەمە کە تەنانەت مامۆستای وانە زانستییەکانیش ناتوانن تەواو هەق بدەن بە وانەکانیان چونکە ماوەکەی کەمە، هەر بۆیە بەشە وانە بۆ توێژەرەکان دانانرێت، وانەکانی وەرزش و هونەریش لەلایەن مامۆستای وانەکانی دیکەوە وەردەگیرێت".

ئاماژەی بەوەشدا قوتابی ئامادەیی هەرچەند تەمەنیان لە قوتابی سەرەتایی زیاترە، بەڵام زیاتر پێویستیان بە گفتوگۆکردنە لەگەڵ توێژەرەکان، چونکە لە تەمەنێکی هەستیاردان و زیاتر ڕووبەڕووی کێشەی کۆمەڵایەتی دەبنەوە.

 

قوتابییەکان متمانەیان بە توێژەرەکان نییە

دەربارەی باسکردنی قوتابییەکان ئاماژەی بەوەدا تا ئێستا قوتابییەکان متمانەی تەواویان بە توێژەرەکان نییە و تەواو باسی کێشەکانیان بۆ ناکەن، بەڵکو لە هەوڵی شاردنەوەی کێشەکانیاندان.

پێی وایە، دایک و باوک ڕۆڵی سەرەکی دەبینێت، چونکە لەوکاتەی منداڵ هەڵەيەک دەکات ئەگەر دایک و باوکەکە سەرزەنشتی بکات، ئەو منداڵە سڵ دەکاتەوە لە باسکردنی کێشەکانی بۆ خێزانەکەی و کەسانی دیکەش، هەمیشە ترسی لا دروست دەبێت، بەڵام ئەگەر هۆشیار بن و تێبگەن لەوەی ئەرکی تێژەر چارەسەرکردنی کێشەکانە، تێدەگەن لەوەی کە پێویستە کێشەکانیان بۆ توێژەرەکان باس بکەن و دواجار توێژەرەکە بە گفتوگۆکردن لەگەڵی دەتوانێت کێشەکەی بۆ چارەسەر بکات.

 

"با چیتر توێژەرەکان کاری ئیداری نەکەن"

ئەو توێژەرە ئاشکرای دەکات، لە بەشێکی قوتابخانەکاندا لەبری کاری توێژەری و ئاگاداربوون لە دۆخی دەروونی قوتابییەکان، توێژەرەکان کاری کارگێڕی قوتابخانەکانیان پێدەکرێت، کە ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کاریگەری بکاتە سەر کاری توێژەرەکە، داواش لەلایەن پەیوەندیدارەکان دەکات بە ڕوونتر کاری توێژەرەکان دیاری بکەن تا ئەرکی توێژەر دیاریبکرێت، هەروەها دەشڵێت "پێویستە توێژەرەکان خۆیان هەڵوێستیان هەبێت و قبوڵی هەندێک کار نەکەن لەناو قوتابخانەکاندا کە پێیان ئەنجام دەدرێت".

 

بە پێویستی دەزانێت، لە هەر قوتابخانەیەک لەبری یەک توێژەر چەند توێژەرێکی کۆمەڵایەتی هەبێت، لەبەر ئەوەی قوتابی ئێستا لە ژینگەیەکی جیاوازدا گەورەدەبێت، کەمتر گوێ بە قسەی چواردەور دەدەن، بۆیە زیاتر پێویستیان بە ڕێنمایکارێک هەیە.