ڕووداوەکانی چوار ڕۆژی جەژن لە هەرێمی کوردستان

لە ماوەی چوار ڕۆژی جەژندا چەندین ڕووداوی نەخوازراو ڕوویانداوە، لەوانە بەهۆی شەڕەوە کەسێک کوژراوە، حەوت کەس بە ڕووداوی هاتوچۆ گیانیان لەدەستداوە، ٨ کەسیش خنکاون.

ناوەندی هەواڵ

 

لە جەژندا و بەهۆی گەرمی کەشوهەوا هاوڵاتیان و گەشتیاران بۆ بەسەربردنی کاتێکی خۆش لە شوێنێکی فێنک و نزیک لە سەرچاوە ئاوییەکان و ڕووبارەکان، ڕوویان لە ناوچە گەشتیارییەکان دەکرد، ڕێگاکان قەرەباڵغ بوون، بەو هۆیەوە چەندین ڕووداوی هاتوچۆ و خنکان لە هەرێمی کوردستان ڕوویاندا.

 

لە ماوەی ٤ ڕۆژدا ٨ کەس خنکاون

لە چوار ڕۆژی جەژندا ٨ کەس لە ڕووبار و بەنداوەکاندا خنکاون، کە تەنها چوارەم ڕۆژی جەژن پێنج کەس خنکاون، یەکێکیان لە ڕووباری گوندی کونەسیخوڕ بووە، یەکێکیش لە زێی گەورەدا ، کەسێکیش لە ڕووباری چامە لە دەڤەری بارزان و دوو براش لە زێی بچوکدا خنکان.

 

لە سێیەم ڕۆژی جەژنیشدا باوکێک کە ویستوویەتی منداڵەکەی ڕزگاربکات خۆی خنکاوە، هەروەها لە ڕووباری سیروان گەشتیارێکی بە ڕەگەز عەرەب خنکاوە، لە یەکەم ڕۆژی جەژنیشدا گەنجێکی تەمەن ٢١ ساڵ بەهۆی نەشارەزایی لە مەلەکردن لە بەنداوی سماقوڵیدا خنکا.

 

ڕووداوەکانی هاتووچۆ

هاوکات بەپێی ئەو ڕووداوانەی لە دەزگا ڕاگەیاندنەکانەوە بڵاوکراونەتەوە، لە ماوەی چوار ڕۆژی جەژندا بەهۆی ڕووداوەکانی هاتوچۆوە حەوت کەس لە شەش ڕووداوی هاتوچۆدا لە هەرێمی کورستان گیانیان لەدەست داوە، ١٨ کەسیش برینداربوون.

 

ڕووداوی تەقەکردن

لە یەکەم ڕۆژی جەژندا، ٢٠ی تەمموز لەناو بازاڕی ڕانیە بەهۆی شەڕە چەقۆ کەسێک بریندار بوو، لە دووەم ڕۆژی جەژندا، ٢١ی تەمموز کەسێک لەلایەن پۆلیسی سلێمانییەوە دەستگیرکراوە، کە ئۆتۆمبێلەکەی بە نایاسایی لە ناوەڕاستی شەقامی سالمدا ڕاگرتووە و تەقەی کردووە.

 

لە ٢٣ مانگیشدا چوارەم ڕۆژی جەژن بەهۆی کێشەی خێزانی لە گەڕەکی شادی پارێزگای هەولێر شەڕ دروستبووە و کەسێک کوژرا، بکوژەکەش لەلایەن پۆلیسی هەولێرەوە دەستگیرکرا، هەروەها لە گەڕەکی ئازادی شارۆچكەی ڕەواندز تەرمی پێشمەرگەیەک دۆزرایەوە، پۆلیسی سۆرانیش دەڵێت خۆی هەڵواسیوە.

 

ت.پ