هاوسەرگیری پێشوەختە لە نیویۆرک قەدەغە کرا

ئەمریکا بە گشتی و نیویۆرک بە تایبەتی یەکێکن لەو وڵاتانەی ڕێژەیەکی زۆر لە هاوسەرگیری پێشوەختەی تێدا ئەنجام دەدرێت، بەهۆی لێکەوتە خراپەکانییەوە لە هەندێک ویلایەتی ئەمریکادا بڕیاردرا چیتر ڕێگە بە هاوسەرگیری پێش تەمەنی ١٨ ساڵی نەدرێت.

ناوەندی هەواڵ

 

ویلایەتی نیویۆرک لە ئەمریکا بووە شەشەمین ویلایەت کە ڕێگری لە هاوسەرگیری پێشوەختە دەکات تەمەنی ١٨ ساڵیشیان لە دادگادا بۆ هاوسەرگیری دەستنیشانکردووە.

 

٢٢ی تەمموز، ئەندرۆ کۆمۆ، پارێزگاری ویلایەتی نیویۆرک، پڕۆژە یاسایەکی واژۆکرد کە تەمەنی هاوسەرگیری تێدا بە ١٨ ساڵی دەستنیشان کرا، بڕیاری قەدەغەکردنی هاوسەرگیری پێشوەختەشی ڕاگەیاند، دەرکردنی پڕۆژە یاسایەکی لەم شێوەیە لەدوای ئاشکرابوونی هاوسەرگیری ئەو منداڵانە بوو کە بەبێ ئاگاداری یاسا و دەوڵەت هاوسەرگیریان ئەنجام داوە.

 

جولیا سالازار، ئەندامی ئەنجومەنی پیران، لەو بارەیەوە ڕایگەیاند: "هاوسەرگیری پێشوەختە ئەنجامی خراپی دەبێت بۆ داهاتوویان، بۆیە دەرکردنی پڕۆژە یاسایەکی لەو شێوەیە دەیانپارێزێت، چونکە لەوکاتەی هاوسەرگیری دەکەن مافی یاساییان پارێزراو نییە".

 

لە ٢٠١٧ نیویۆرک ڕێگەی بە هاوسەرگیری تەمەنی ١٤بۆ ١٧ ساڵی دا، بەمەرجێک ڕەزامەندی دایک و باوکی لەسەر بوایە، لەگەڵ ویلایەتی نیویۆرک پێنج ویلایەتی دیکەش ڕێگەیان لەو جۆرە هاوسەرگیرییە گرت، بەڵام هێشتا ئەو ویلایەتانەی ڕێگە بە هاوسەرگیری خوار تەمەنی ١٨ ساڵ دەدەن ژمارەیان زۆرن.

 

بە پێی ئەو ئامارانەی هەن، لە ساڵی ٢٠٠٠ تا ٢٠١٨ ڕێژەی ئەو منداڵانەی بە ڕێگای یاسای هاوسەرگیریان کردووە بریتییە لە ٣٠٠ هەزار کە تەمەنیان لە نێوان ١٠ بۆ ١٧ ساڵیدایە و زۆرینەیان منداڵی کچن، وە بەپێی پڕۆژە یاساکە هەرکەسێک یاسای قەدەغەکردنی هاوسەرگیری پێشوەختە پێشێل بکات سزا دەدرێت.

 

ت.پ