کەلار، ڕاژان قاوەخانەیەک بەرێوەدەبات

ژنان لە ڕووی بیرکردنەوەوە ژیانێکی ڕەنگاو ڕەنگیان هەیە، ڕاژانی ١٩ ساڵیش لە کەلاردا قاوەخانەیەک بەڕێوەدەبات و دەیەوێت ڕێچکەشكێن بێت بۆ کچانی دیکەی کەلار.

 

هەوار محەمەد

گەرمیان- ڕاژانی تەمەن ١٩ ساڵ وەک یەکەم کچ لە کەلاردا قاوەخانەیەک بەڕێوەدەبات، ئەو دڵخۆش و ئاسودەیە لەگەڵ کارەکەی و سەرەڕای ڕێگرییەکانی شارەوانی کەلار بەڵام دەیەوێت ڕێچکەشکێن بێت بۆ ژنانی دیکە، داواش لە خێزان و کۆمەڵگەکەی دەکات هاوکاری ژنان بن و نەبنە ڕێگر لە بەردەم خەون و خولیاکانیان.

 

ڕاژان بەرزان دانیشتووی شاری کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیانە، نزیکەی ساڵێکە  "قاوەخانەی کەلیمات" بە تەنها بەڕێوەدەبات، ڕاژان لە سەرەتادا وەک یاریدەدەر دەچێتە قاوەخانەکە، بەڵام بەهۆی ئارەزووە زۆرەکەی بۆ کارکردن، لە ماوەیەکی کەمدا فێردەبێت و وەک وەستا و بەرێوەبەری قاوەخانەکە دەستبەکار دەبێت.

 

ڕاژان بۆ ژنها دەدوێت و دەڵێت: ڕەنگە لە دەرەوە هاوڵاتیان قسەی نەشیاو بکەن، بەڵام من بەردەوامم لەسەر کارەکەی خۆم و خۆشمدەوێت.

 

دەمەوێت ڕێچکەی کار بۆ ژنانی دیکە بشکێنم

سەبارەت بە پشتگیری و هاوکاری خێزانەکەیشی دەڵێت: خێزانەکەم زۆر هاوکارمن،  خاوەنی قاوەخانەکەش هاوکارێکی باشم بووە، دەشمانەوێت سیمایەکی جوانتر بە شارەکە ببەخشین تا ژنان بتوانن لێی کۆببنەوە، حەزیشدەکەم من ڕێچکەشکێن بم بۆ ژنانیتر تا کاربکەن.

 

هەروەها لەبارەی سەردانیکارانی قاوەخانەکەوە ڕاژان دەڵێت: ڕەنگە چاوی کۆمەڵگام لەسەربێت، بەڵام ڕێزگرتنی ئەو هاوڵاتیانەی سەردانیان کردووم و سوپاس و دەست خۆشییەکانیان بۆ من شانازین و هۆی بەردەوامین بۆ من.

 

لە پێشتردا قاوەخانەکەی کەلیمات لەسەر ڕێگای هاتووچۆی هاوڵاتیان بووە، خێزانەکان و ژنانی گەنج زۆر سەردانیان کردوون، بەڵام بەهۆی ڕێگری شارەوانی و دروستکردنی بەربەست بۆیان بە ناچاری شوێنەکەیان گواستووەتەوە بەردەم بەنزینخانەی شێروانە، بەو هۆیەشەوە لە ئێستادا پیاوان سەردانی شوێنەکە دەکەن و ژنان نایەنە ئەو شوێنە.

 

ژنان خاوەنی دنیابینی جیاوازن

ئەو ژنە گەنجە باس لەوەدەکات وەک ژنێکی گەنج کە کار دەکات خوازیارە سەردانیکاران جگە لە پیاوان بە شێوەی زۆرینە ژنان و خێزانەکان بن، چونکە لە کەلار شوێنێک نییە ژنانی گەنج بتوانن لێی کۆببنەوە. بە ئاسودەیی قاوەیەک بخۆنەوە و گفتوگۆ بکەن و کاتێکی خۆش بەسەربەرن.

 

ڕاژان داوا لە دایک و باوکان دەکات هاوکاری ژنانی گەنج بن لە بەرەوپێشبردنی خەون خولیاکانیاندا، دەشڵێت: دڵنیابن ژنان لە ڕووی بیرکردنەوەوە ژیانێک و دونیایەکی ئێجگار ڕەنگاوڕەنگیان هەیە، کاتێکیش دەبینن خێزان و هاوڕێ و کۆمەڵگاکەیان کارەکانیان بەرز دەنرخێنن و قبوڵیانە زیاتر هاوکار دەبێت بۆیان تا بەرەوپێشبچن و پەرە بە تواناکانیان بدەن.

ت.پ