لە پشت کوشتنی ژنانەوە ...٤

کەمن ئەو ناوچانەی توندوتیژی بەرامبەر ژنان لە ئاستێکی زۆر نزمدایە، بەڵام لە پارێزگای هەڵەبجە ئامارەکانی توندوتیژی لە نزمترین ئاستدایە، چالاکوانێکی بواری ژنان دەبارەی توندوتیژییەکان بەرامبەر ژنان لە هەڵەبجە دەدوێت.

توندوتیژییەکان بەرامبەر ژنان لە پارێزگای هەڵەبجە

هەڵەبجە

 

ساڵانە بەردەوام ئامارەکانی توندوتیژی بەرامبەر ژنان زیاد دەکات، هەر ساڵێک لە ساڵی پێش خۆی زیاتر، کوشتن، خۆکوشتن، سوتان، دەستدرێژی سێکسی و تۆمارکردنی سکاڵان بەردەوام زیاد دەکەن، ئەمەش سەرباری ئەوەی بەردەوام ڕێکخراوەکان جەخت لە زۆری ئامارەکان لەچاو ئەو ئامارانەی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان و خێزان دەکەنەوە.

 

پارێزگای هەڵەبجە یەکێکە لەو پارێزگایانەی کە بەپێی ڕاپرسی و ئامارەکان کەمترین توندوتیژی بەرامبەر ژنان بەراورد بە پارێزگاکانی دیکەی هەرێمی کوردستان تێدایە، بەڵام وەک چالاکوانێکی ئەو پارێزگایە باسی دەکات توندوتیژییەکان لە سەرجەم کۆمەڵگاکان بەرامبەر ژنان هەیە.

کوردە باپیر، چالاکوانێکی بواری ژنانە لە هەڵەبجە، ئەوە دەخاتەڕوو، لە هەڵەبجەش هاوشێوەی پارێزگاکانی دیکە توندوتیژی هەیە، بەڵام بەراورد بە ناوچەکانی دیکە کەمترە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی هەڵەبجە ناوچەیەکی بچوکە و کەمتر کەلتورە جیاوازەکان لە هەڵەبجەدا دەژین، زۆرینەی خەڵکی ئەو ناوچەیەش پەیوەندی خزمایەتی لەنێوانیاندا هەیە و ژیانی ئاشتیانە بەیەکەوە دەژین.

 

ژن وەک شەرەف و ناموسی بنەماڵە سەیر دەکرێت

دەبارەی توندوتیژییەکان بەرامبەر ژنان، ئاماژە بۆ ئەوەدەکات کە یەکێک لە سەرەکیترین هۆکارەکان ئەوەیە لە کۆمەڵگای کوردیدا ژن وەک شەرەف و ناموسی بنەماڵە سەیردەکرێت، بۆیە زۆرینەی کێشەکانیش لەوەوە سەرهەڵدەدەن، یەکێکی دیکە لە هۆکارەکان ماندوویەتی دۆخی دەروونی تاکی کوردە، کە پیاوان دەتوانن بە ئاسانی بچنە دەرەوە و خۆیان لە دەرەوەی ماڵەکانیانەوە خاڵی بکەنەوە، بەڵام ژنان بەردەوام لە ماڵەوەن و ناتوانن دەروونیان ئارام بکەنەوە، بۆیە پەنا بۆ خۆکوشتن دەبەن.

 

یەکێکی دیکە لە هۆکارەکان نەبوونی پەروەردەیەکی تەندروستە، کەرتی پەروەردە و پەروەردەی خێزانی پەکی کەتووەوە، پەروەردەی منداڵەکان دراوەتە دەست کۆمەڵێک شتی دیکە وەک تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و کۆمەڵگا.

 

چەکی بێ مۆڵەت هۆکارێکی توندوتیژییەکانە

هۆکارێکی دیکە بوونی چەک لە ماڵەکاندا بەبێ بوونی مۆڵەت، یەکێکی دیکەیە لە هۆکارەکان کە ژنان لە ماڵەکانیاندا دەتوانن بە ئاسانترین شێوە دەستیان بگاتە چەک، هەروەها سەروەر نەبوونی یاساکان، کێشەکان لە ڕێگای پارە و سوڵحی عەشایەری چارەسەر دەکەن، میدیاش ڕۆڵێکی باش نابینێت و بەشێوەیەکی گوجاو ڕوماڵی بابەتە کۆمەڵایەتییەکان ناکات.

 

لە کۆتایشدا ئەو چالاکوانەی بواری مافەکانی ژنان چەند ڕێگاچارەیەکی بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژییەکان خستەڕوو، لەوانە گرنگیدان بە کەرتی پەروەردە لە خێزان و قوتابخانەکانیشدا، هەروەها میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەشێوەیەکی تەندروست بۆ هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگا بەکاربێت، ڕاگەیاندن بەرپرسیارانەتر مامەڵەبکات.

دەشڵێت "میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بەشێوەیەکی بەرچاو بەربڵاوبوونەوەتەوە، ئەگەر لە ئێستادا هەڵوێستەیەک وەرنەگرین، کاری جدی لەسەر نەکرێت، ئەگەر بەم جۆرە بەردەوام بین و پەوەردەی منداڵەکانمان بدەینە دەست تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئەوا ناتوانین لە داهاتوودا تاکێکی تەندروست و ناتوندوتیژ پێشکەشی کۆمەڵگا بکەین".

 

هاوکات سەروەربوونی یاسا و چارەسەرنەکردنی کێشەکان لە ڕێگای سوڵحی عەشایەرییەوە بە ڕێگاییەکی دیکەی کەمکردنەوەی توندوتیژییەکان دادەنێت.

ت.پ