بە وێنەیەک زەردەخەنە بخەمە سەر ڕوخساری منداڵێک، دڵخۆشیە بۆ من

گەنجێکی وێنەکێش لە ڕێگەی هونەرەکەیەوە دژی برینەوەی درەختەکانی کوردستان لە لایەن تورکیاوە دەوەستێتەوە.

 

هەوار محەمەد

شارەزوور- ڕێناس موراد گەنجێکی شارۆچکەی دەربەندیخانە و دەرچووی زانکۆیە بەشی ئینگلیزی، لە ڕێگەی هونەری وێنەکێشانەوە ژنبوونی خۆی و کەلتوری کوردستان لە تابلۆکانیدا دەنەخشێنێت و دژی داگیرکاری هەڵوێستی خۆی نیشان دەدات، ئارەزووی بۆ وێنەکێشان دەگەڕێتەوە بۆ تەمەنی منداڵی و لە ساڵی ٢٠١٨ لە سەنتەری گەنجان لە شارۆچکەی دەربەندیخان بە شێوەیەکی ئەکادیمی دەست بە وێنەکێشان دەکات و تا ئاستێکی زۆر باش پێشدەکەوێت، زۆرینەی کارەکانی هێڵکارین، بە بۆیەی زەیتی و ئەکریلیکیش تابلۆی کێشاوە، لە ئێستاشدا ماوەی چەند مانگێکە ڕاهێنان لەسەر کارکردن بە بۆیەی ئاوی دەکات.

تابلۆکانی گوزارشت لە سروشتی جوانی کوردستان و کەلتوری کوردی دەکات

یەکێک لە تابلۆکانی بۆ خۆشەویستی ژینگەی کوردستان کێشاوێتی و ڕێناس دەڵێت: دەزانین کە تورکیا ماوەی دوو ساڵە دەستی بە بڕینەوەی درەختەکانی کوردستان و وێرانکردنی ژینگەکەمان کردووە، بۆیە هەر تاکێکمان پێویستە ژینگەکەمان خۆشبوێت و لە بەرامبەر ئەو داگیرکارییەی دەوڵەتی تورکیا بە هەڵوێست بین، لەم تابلۆیەشمدا ویستوومە ئەو پەیامە بگەیەنم کە من دژی بڕینەوەی دارەکانم.

 

هەروەها لە یەکێکی تر لە تابلۆکانیدا کە گوڵاڵە و چای نەخشاندووە، رێناس دەڵێت کە هۆی کێشانی ئەم تابلۆیەی ئەوەیە کە گوڵاڵە و چا دوو سیمبولی جوانی کوردەوارین.

ڕێناس پێی وایە دەبێت هونەرمەند خۆی بتوانێت باس لە تابلۆکانی خۆی بکات و تەنها بۆ بینەری بە جێ نەهێڵێت، دەربارەی یەکێک لە تابلۆکانی دەڵێت: "ئەم تابلۆیە گوزارشت لە خۆبوونی ژنان دەکات"، پێی وایە کە ژنان دەبێت خۆیان ئاوێنەی خۆیان بن و باشی و خراپی و تێڕوانینەکانی خۆیان ببینن، نەک لە چاوی دەوروبەرەوە   هەڵسەنگاندنیان بۆ بکرێت.

 

ڕێناس بەشداری دوو پێشەنگای هاوبەشی کردووە بە تابلۆی هێڵکاری

تابلۆی دیواربەندی دەربەندیخان، یەکێکە لە دیمەنە جوانەکانی دەربەندیخان کە زۆربەی ژنانی گەنج بە دەست و پەنجە ڕەنگینەکانیان شاریان بە شێوەیەکی هونەری نەخشاندوە، یەکێک لەو دیمەنانەی کە لەگەڵ چونە ناو شارۆچکەکەوە پێشچاوی گەشتیاران و سەردانیکارانی دەربەندیخان دەکەوێت وێنەکانی دیواری ڕاگری تونێلی دەربەندیخانە کە ڕێناسیش لە نێو گروپێک لە ژنی گەنجی شارۆچکەکە بەشداری هەبووە.

زۆرێک لە کیژانی دەربەندیخان لە هونەری وێنەکێشاندا جێدەستیان دیارە، بەشێوەیەک کە هەندێجار لە خێزانێکدا چەندین کەسیان لەم هونەرەدا پەنجەکانیان رەنگین کردووە، بە نمونەش ڕێناس جگە لە خۆی دوو خوشکی دیکەی سەرقاڵی هونەری وێنەکێشانن و چەند قوتابخانەیەکی شارۆچکەکەشیان بە تابلۆکانیان ڕەنگ کردووە، لە بارەی وێنەکێشانەوە ڕێناس دەڵێت: لەگەڵ کێشانی هەر هێڵێک یان هەرکاتێک فڵچەیەک لەسەر پەڕەیەک دادەگرم، جۆرێک ئاسودەیم پێدەبەخشێت و خاڵی دەبمەوە لە کۆمەڵێک قورسی ناخم.

 

هەروەها دەربارەی وێنەکێشان دەڵێت: لە ئێستادا دەمەوێت کار لەگەڵ خۆم بکەم و خۆم پێشبخەم، هیواخوازیشە لە داهاتوودا خزمەت بە هونەر و لە ڕێگەی هونەریشەوە خزمەت بە منداڵان و کوردستان بکات.

 

ت.پ