تیپی تۆپی پێی کچانی خورماڵ، کۆکەرەوەی کچانی هەورامان

تیپی تۆپی پێی کچانی خورماڵ کۆکەرەوەی کچانی ناوچەی هەورامانە، بەهۆی ئەوە یاریگایەکی تایبەتییان نییە تەنها بەیانی زوو دەتوانن لە یاریگاکاندا ڕاهێنان بکەن، بەڵام هێشتاش بێ وچانانە خۆیان بۆ پاڵەوانێتییەکان ئامادە دەکەن. هەوار محەمەد

تیپی تۆپی پێی کچانی خورماڵ کۆکەرەوەی کچانی ناوچەی هەورامانە، بەهۆی ئەوە یاریگایەکی تایبەتییان نییە تەنها بەیانی زوو دەتوانن لە یاریگاکاندا ڕاهێنان بکەن، بەڵام هێشتاش بێ وچانانە خۆیان بۆ پاڵەوانێتییەکان ئامادە دەکەن.

هەوار محەمەد

 

خورماڵ- تیپی تۆپی پێی یانەی خورماڵ لە ٢٠ی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردوو دامەزراوە، لە ٢٠یاریزان پێکهاتوون، تەمەنی یاریزانەکان لەنێوان ١٥ بۆ ٢٨ ساڵدایە، لە ناوچەکانی قەرەداغ، هەڵەبجەی شەهید، هەڵەبجەی تازە، خورماڵ، تەوێڵە و بیارەوە دێن و لە خورماڵ کۆدەبنەوە و ڕاهێنان دەکەن.

 

تیپی تۆپی پێی کچانی خورماڵ چەندین یاری بەهێزی لەگەڵ یانەکانی دەربەندیخان، پیرەمەگرون و چەمچەماڵ ئەنجامداوە، لە هەمویاندا براوەبوون و لە ئێستاشدا خۆیان بۆ خولی یانەکانی عێراق ئامادە دەکەن، کە زۆرینەی یانەکانی عێراق و چەند یانەیەکی کوردستانیش بەشدارن.

لەم تیپەدا یاریزانەکان بەردەوام یاری مەشق و ڕاهێنان دەکەن، بەردەوام ڕۆژانە لە کاتژمێر ٨ بۆ ١٠:٣٠ بەیانی ڕاهێنان دەکەن، بەڵام هیچ یاریگایەکی تایبەت بەخۆی نییە، یاریگاکانی دیکەش کە کوڕان تێیدا یاریدەکەن، زۆرینەی کاتەکانیان بۆ کوڕانە، کچانیش تەنها دەتوانن ماوەی دووی کاتژمێر و نیوی سەرەتای ڕۆژەکە یاری بکەن.

لە سەرەتای دامەزراندنی ئەم تیپەو چەند گرفتێکی ماددی هاتووتە بەردەمیان، هەرچەندە بەشێک لە کێشەکانیان بۆ چارەسەرکراوە، بەڵام سەرەکیترین کێشەییان کە نەبوونی یاریگایەکی داخراوە وەک خۆی ماوەتەوە.

 

گەشبین ئەبوبەکر، یەکێکە لە یاریزانەکانی یانەکە،دانیشتووی خورماڵە، لەساڵی ٢٠١٤ یاری تۆپی پێئەنجام دەدات، هەر لە سەرەتای دامەزراندنی تیپەکەشەوە بووەتە یاریزانی یانەکە، باس لە کێشەی نەبوونی یاریگایەکی تایبەت بە خۆیان دەکات، پێی وایە ئەگەر یاریگایەکی تایبەت بەخۆیان هەبێت و یاریزانەکان بتوانن ڕاهێنانی زیاتر ئەنجام بدەن ئەوا دەتوانن ئەنجامی باشتر بەدەستبهێنن.

ئەوان ئەگەرچی کێشە و کەموکورتیان هەیە، بەڵام هێشتا بە ورەیەکی بەرزەوە بێ ماندووبوون ڕێگایەکی دوور بۆ ئەنجامدانی ڕاهێنانەکان دەبڕن، دەیانەوێت ببنە پاڵەوانی عێراق.

هەتاو مەحمود، یاریزانی یانەی تۆپی پێی کچانی خورماڵە و دەرچووی زانکۆی هەڵەبجە بەشی وەرزشە، دانیشتووی ئەحمەد ئاوایە و ڕۆژانە بۆ ڕاهێنان دێتە خورماڵ، هەر لە منداڵییەوە خولیای وەرزش و تۆپی پێی هەیە، پێشتر یاریزانی تیپی تۆپی پێی کچانی هەڵەبجەی شەهید بووە، بەشداری چەندان یاریکردووە.

هەتاو باس لەوەدەکات لە ئێستادا سەرقاڵی خۆئامادەکردنن بۆ پاڵەوانێتی عێراق، باوەڕێکی زۆری بە توانای یاریزانەکانیان هەیە، دەڵێت "چەندین یاریزانی بە توانامان هەیە کە ئامانجمان سەرکەوتنە، لە ساڵی داهاتودا بەشداری لە خولەکانی تۆپی پێدا دەکەین".

هێرۆ حەبیب یاریزانێکی تری یانەکەیە، وەک خۆی دەڵێت "من عاشقی تۆپی پێم"، ساڵانێکە یاری تۆپی پێ دەکات، هیوا دەخوازێت لە ساڵانی داهاتوودا بەشداری پاڵەوانێتییەکانی ناوەوە و دەرەوەی کوردستان بکەن،لەبارەی خولیای بۆ تۆپی پێ دەڵێت "بێ جیاوازی ڕەگەزی هەمیشە یاری خۆمم کردووە، من عشقی تۆپی پێم، لەو کاتانەی لە ناو یاریگام خۆشترین ساتەکانی ژیانمە".

سەبارەت بە بەشداریکردنی ژنانی گەنجیش لە تۆپی پێ دەڵێت: هەمیشە کچان بۆیان قورس بووە بەشداری لە یاری تۆپی پێ بکەن، چونکە ئەم یارییە کراوەییەکی زیاتر لە یارییەکانی تر و هەوڵ و ماندوبونێکی زیاتری دەوێت، بەڵام دەبێت کچان بەربەستەکان تێکبشکێنن و بەهێزبن.